Sangar Hamad Azeez
05 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2015
لە هەفتەی هەشتەمی خولی تۆپی پێی بۆندس لیگادا یانەی بایرەن میونخ گۆڵبارانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی کرد.
یارییەکە کە یاریگەی ئالیانزئارێنای تایبەت بە یانەی بایرەن میونخ بەرێوەچوو تێدا یانەی خاوەن یاریگە کۆنترۆلی یارییەکەی کردبوو.
لە خولەکی ٢٦شدا یاریزانی مانشافت، تۆماس مۆلەر گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی بایرەن تۆمار کرد.
دواتر لە خولەکی ٣٥دا هەمان یاریزان گۆلی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمار کرد.
لە خولەکی ٣٧دا هێرشبەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند ئۆبامیناگ بە تۆمارکردنی گوڵێک جیاوازی لەگەڵ یانەی خاوەن یاریگە کەم کردەوە.
دواتر لە گێمی دووەمدا و لە خولەکەکانی ٤٦ و ٥٨دا هێرشبەری بایرەن میونخ رۆبەرت لیڤاندۆڤکی دوو گۆلی یەک لە دوای یەکی تۆمار کرد.
لە خولەکی ٦٦یش ماریۆ گۆتزەی ئەڵمانی بە تۆمارکردنی گۆڵێك کۆتای بە کەرنەڤاڵی گۆڵەکانی بایرەن میونخ هێنا و بەم شێوەیەش بایرەن میونخ توانی بە ئەنجامی پێنج گۆل بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی بروسیا دۆرتمۆند بباتەوە و درێژە بە مانەوەی بدات لە پێشەنگی خولی بۆندس لیگادا.