Sangar Hamad Azeez
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، موسوڵمانان گەیشتنە خاکی پیرۆز.
ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن موسوڵمان بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج روویان لە سعوودیە کردووە و لەم ژمارەیەش ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزاریان لەرێگەی ڤیزاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج و بەتایبەتی تەوافی کەعبە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە رێکاری پێویستییان گرتووەتە بەر.
لە ئەگەری روودانی هەر کارێکی نەخوازراو، کارمەند ئەمنییەکان ماوەی یەک کاتژمێر دەرگای حەرەمی پیرۆز دادەخەن.
هەوڵدەدرێت لە رۆژە پیرۆزەکاندا زۆرینەی حاجییان بۆ مزگەوتی حەرام ببرێن.
بە بڕیاری وەزارەتی عەمرە و حەجی سعوودیە و بە مەبەستی گەیاندنیان بۆ کێوی عەرەفە لە کاتژمێر ١١:٠٠ی بەیانییەوە گەشتەکانی نێو سعوودیە بە پاس وەستێنراوە و لە ئێستادا پاسەکان پشکنین و چاککردنەوەیان بۆدەکرێت.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە ئێستادا ئەو حاجییانەی دەیانەوێت بچنە کەعبە دەبێت بە تاکسی یاخود ئۆتۆمبیلی تایبەت بچن.
هاوکات بەهۆی راگرتنی پاسەکان نرخی تاکسی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
لە ئیستادا کۆتایی بە ئامادەکارییەکان هاتووە بۆ رۆژی عەرەفە و بەرپرسانی سعوودیە رایدەگەیەنن تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو رۆژە بە رێکوپێکی.
یەکێک لەو نەریتانەی ساڵانە لە کاتی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج ئەنجامدەدرێت بریتییە لە گۆڕینی بەرگی کەعبەی پیرۆز.
لە رۆژی عەرەفەدا لە دوای نوێژی بەیانییەوە پرۆسەی گۆڕینی بەرگی کەعبە ئەنجام دەدرێت.
بەرگی کەعبە بەرزییەکەی ٤٧ مەتر دەبێت و رووبەرەکەی ٦٧٥ مەتر دوجایە، کە ٦٧٠ کیلۆگرام ئاوریشم بە ١٢٠ کلیۆگرام زێڕ و زیو دەنەخشێنرێت.
ئەم بەرگە ساڵانە ٢٥٠ کەس بە درێژایی یەک ساڵ کاری لەسەردەکەن تاوەکو ئامادە دەبێت.
ساڵانە بەرگە کۆنەکە رادەستی بنەماڵەی ئەلشەیبە دەکرێت و دوای شوشتنی بە ئاوی زەمزەم رەوانەی وڵاتانی ئیسلامی دەکرێت.