Zana Natık Kerem
11 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نۆی مانگی زیلحیجە، حاجیانی ماڵی خوا كە ژمارەیان دوو ملیۆن حاجییە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی یەكێك لە روكنە سەرەکییەکانی فەریزەی حەج، بەرەو كێوی عەرەفە بەڕێكەوتن، دوای ئەوەی دوێنێ ئێوارە رۆژی "ئەلتروییە"یان لە كێوی مونا تەواوكرد.
ئەمڕۆ میوانانی ماڵی خوا، وەك سوننەت نوێژی نیوەرۆ و عەسر بە قەسرو جەمع بە یەك بانگ و دوو قامەت لە مزگەوتی نەمرە ئەنجامدەدەن دوای ئەوەی گوێبیستی گوتاری عەرەفە دەبن.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعوودیە بڵاویکردەوە کارمەندانی ئاسایش، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانیی و پاسەوانی نیشتمانیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەتی سعوودیە لەسەر رێگەكانی كێوی عەرەفە بڵاوبوونەتەوە بەمەبەستی پارێزگارییکردن لە گیانی حاجییان و یارمەتیدانیان.
ئەمڕۆ دوو ملیۆن حاجی لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا دەچنە كێوی عەرەفە كە 12 كیلۆمەتر لە شاری مەككەوە دوورە و بەمەش یەکێک لە روكنە گەورەکانی فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن.
هاوكات لەگەڵ خۆرئاوابووندا حاجییان لە كێوی عەرەفە دێنە خوارەوە و لە نێوان بانگی شێوان و خەوتناندا دەچنە موزدەلیفە و لەوێ تا بەرەبەیانی 10ی زیلحیجە دەوستن و دواتر لەگەڵ نوێژی بەیانیدا دەست بە قوربانییکردن دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە دەستەی گشتیی ئاماری سعوودیە دوێنێ ئێوارە رایگەیاند كۆی گشتیی حاجیان، یەك ملیۆن و 800 هەزار حاجی تێپەڕاندووە.
حاجیانی ماڵی خوا لە مونا، رۆژانی١١، ١٢ و١٣ی زیلحیجە سێ رەجمكردن ئەنجامدەدەن، كە بە هەرسێ رەجمی بچووك و ناوەڕاست و گەورە ناسراوە، هەر حاجیەك بیەوێت دەتوانێت ئەو سێ رۆژە بۆ دوو رۆژ كورت بكاتەوە و لەدوای رەجمەكان، بەمەبەستی ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی كە دوا روكنی فەریزەی حەجە، حاجییان روو لە کەعبە دەکەن.