Orhan Onur Gemici,Sefa Şahin,Ali Rıza Akkır
01 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، لە پاڵ فڕۆکەکان، ٨٠ دانە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، ٣٥ تانکەر، ٣١ ئۆتۆمبێلی کارکردن، ١٧٦ ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری، ھەزار و ٤٠٠ کارمەند کار دەکەن".
ئەردۆغان لە ماڵی (میوانخانەی) مامۆستایان لە شارۆچکەی مارماریس ھەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی وڵاتەکەی کرد.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە رایگەیاند کە سەرجەم پێداویستییەکانی وەک خۆراک، شوێنی مانەوە و پاککەرەوە ئامادەن و گشت رێککارەکان گیراونەتەبەر.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە بە گشت تواناکانیانەوە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەکەن و گوتی: "وەزارەتی تەندروستیی بە ٣٨ ئامبوڵانس و ١٧٥ کارمەندەوە ھاوکاری ھاووڵاتییانمان دەبن. جگە لە دوو ھاووڵاتیی، گشت ئەوانەی زیانیان بەرکەوتبوو لە نەخۆشخانەدا ھاتنە دەرەوە".
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ئەرکی سەرشانیان ئەوانە بدۆزنەوە کە دارستانەکانیان سووتاندووە و بە توندی سزایان بدەن.
ئەردۆغان باسی لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان کرد و گوتی: "تورکیا بە زووترین کات ئاسەواری ئاگرەکان دەسڕێتەوە. رێگە نادەین ھیچ ھاووڵاتییەک بەشخوراو بێت. توانامان ھەیە گشت زیانەکان قەرەبوو بکەینەوە بەدەر لە زیانی گیانی".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "دووبارە دارستانەکان دروست دەکەینەوە و نەمامی زیاتر بۆھەر پارچەیەک خاکی سووتاو لە دارستانەکاندا دەڕوێنینەوە".
ئەردۆغان باسی لە ژمارەی ئەو فڕۆکانە کرد کە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ژمارەی فڕۆکەکانمان بە وەرگرتنی پشتیوانی لە وڵاتانی جیا، زیادکرد. بەو فڕۆکانەی کە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و ئۆکراینا ھاتوون، ژمارەی فڕۆکەکانمان گەیشتنە ١٦ فڕۆکە".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "٤٥ ھێلیکۆپتەرمان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. نۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بە ھەمان شێوە".
ئەردۆغان لەبارەی ھەبوونی گومانی تیرۆر لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکاندا، گوتی: "ئەگەر پەیوەندییەکی لەم جۆرە دەستنیشان بکەین کە ھەندێک ئاماژەمان پێگەیشتووە، ئەوا تا کۆتایی چاودێری دەکەین و کاری پێویست دەکەین".