Büşra Selvi Öğütcen
01 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
دوای ئەوەی لە میانمار سوپا دەستی بەسەر حکوومەتدا گرت، تۆمەتی نوێ ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی لەسەرکارلادراوی ئەو وڵاتە، ئاونگ سان سو چی کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیای میانماردا بڵاوکراونەتەوە، سو چی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریی کردووە لەو دانیشتنەی دادگای سەربازییدا.
لە دانیشتنەکەدا لە پاڵ ئەو تۆمەتانەی پێشتر ئاراستەی سو چی کرابوون، هاوکات تۆمەتی ''بڵاوکردنەوەی روونکردنەوە یان دەنگۆ کە رای گشتیی بەرەو نیگەرانیی دەبات'' ئاراستەی ناوبراو کرا.
لە چوارچێوەی ماددەی ٥٥ (ب)ی یاسای سزا لە میانمار، ئەوانەی ئەو تۆمەتەیان ئاراستە دەکرێت تا دوو ساڵ زیندانیی دەکرێن.
بڕیارە دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی سو چی لە ١٥ی ئاداردا بەڕێوەبچێت.
سو چی کە لە یەکی شوباتەوە تا ئێستا لە میانی کودەتاکەی سوپای وڵاتەکەی دەستبەسەرکراوە، پێشتر تۆمەتبار کرابوو بە ''پێشێلکردنی یاساکانی هاوردە و هەناردەی وڵات'' کە بە رێگەی نایاسایی ئامێر و جلوبەرگی پۆلیس هێناوەتە میانمار.
- کودەتا سەربازییەکەی میانمار
دوای ئەوەی گرووپە سیاسەییەکانی نزیک له سوپای میانمار بانگەشەی بوونی ساختەکارییان کرد لە ھەڵبژاردنەکانی هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ و لە پاش ھەڵكشانی گرژییەکانی لە وڵات، سوپا رۆژی یەکی شوبات، دەستی بەسەر حکوومەتدا گرت.
سوپا، وەزیری دەرەوە و سەرکردەی راستەقینەی وڵاتەکە ئاونگ سان سو چی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و كاديرى پارتی دەسەڵاتی دەستگیرکرد و باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەروو هەمووشیانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد. تورکیاش لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە بوو کە بە توندی کاردانەوەی نیشاندابوو. ئەمریکا، گەڕانەوەی سزاکانی بۆ میانمار خستە رۆژەڤەوە.
لە کاتێکدا گەلی میانمار لە شەشی شوباتدا دەستیان بە خۆپیشان کرد لە پێناو گەڕاندنەوەی دیموکراسی، پۆلیس لە هەندێ شوێن دەستوەردانی لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و لە هەندێ شاردا بڕیاری حوکمی سەربازیی دەرکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ بڵاویکردەوە کە لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی دژبە کودەتای سەربازیی لە میانمار سازکرابوون، لانیکەم ١٨ کەس لە ئەنجامی دەستوەردانی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.