Muhammet Nazım Taşcı
03 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2021
ئیسلامئاباد- AA
مزگەوتی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی کە دەکەوێتە شاری سوات-ی باکووری پاکستان، کۆنترین مزگەوتی ئەو وڵاتەیە.
دوای ئەوەی سوپاکەی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی لە شاری سوات سەرکەوت بەسەر هێزەکانی راجا گیرا-ی بودیدا، لە نێوان ساڵانی ١٠٤٨- ١٠٤٩ لە نزیک کۆشکی راجا گیرا ئەم مزگەوتە دروستکراوە.
بەتێپەڕینی کات و بە هۆکاری جیاجیا مزگەوتەکە کەوتوەتە ژێرخاک و لە چاو ونبووە، کاتێک هاووڵاتییەک ویستویەتی لەو ناوچەیەدا خانوو دروست بکات، دۆزراوەتەوە.
ساڵی ١٩٨٥، شوێنەوارناسە ئیتاڵییەکان، مێژوو و ناسنامەی مزگەوتەکەیان ئاشکرا کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا بووەتە یەکێک لە جێگا گرنگە گەشتیارییەکانی پاکستان کە لەلایەن گەشتیارە بیانی و ناوخۆییەکانەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت.
- کارەکانی هەڵکەندنی مزگەوتەکە لە ماوەی ١٤ ساڵدا کۆتاییهات

لە ساڵی ١٩٨٥- ١٩٩٩ کارەکانی هەڵکەندنی مزگەوتەکە ئەنجامدرا و دەرکەوت مێژووی دروست کردنی مزگەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١١.
لەو ناوچەیەی مزگەوتەکەی تیادا دروستکراوە، گۆڕستانێک، چەند ژوورێک، ژووری مانەوەی فەقێکان و ئاشێکی ئاو هەیە، لە ناو گۆڕستانەکەشدا مەزارێک هەیە کە بە گوتەی دانیشتوانی ناوچەکە مەزاری غازی بابا-یە کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی و لە کاتی شەڕی بوودییەکاندا لەوێ شەهید بووە.
مزگەوتی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی، لەپاڵ ئەوەی دێرینترین مزگەوتی پاکستان-ە یەکێکە لە نموونەکانی تەلارسازی ئیسلامی لە سەدەی ١١ دا.
