Muhammet Ali Kemal
02 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2017
گوتەبێژ بەناوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفان دوجاریج، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا لە دوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێكکەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا، ئاماژەی بەوەکرد ئەو بڕیارەی ئەمریکا نائومێدییەکی گەورە بوو بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی گەردوون.
ستیفان دوجاریج باسی لەوەشکرد کە رێککەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا، لەلایەن سەرجەم وڵاتانەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا دوای ئەوەی لە زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و هەست کردن بەوەی پێویستە هەنگاوی کردەیی لەوبارەیەوە بنرێت، واژووکراوە و جەختی لەوە کردەوە رێککەوتننامەکە نەخشە رێگەیەکی مانادار پێشکەشی هەموو وڵاتان دەکات.
دوجاریج تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەردەوامیی رابەرایەتییکردنی ئەمریکا بۆ کێشەکانی ژینگە، گرنگیی ئێجگار زۆری هەیە و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ئەوەیە لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکوومەت و هەموو کارەکتەرەکانی ئەو وڵاتە بکات لەپێناو ئایندە بۆ نەوەکانی داهاتوو.