Muhammet Ali Kemal
01 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2016
بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە بڵاو بکاتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی هەریەک لە سوپای ئەمریکا و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی (CIA) لە هەریەک لە پاکستان، یەمەن و وڵاتانی ئەفریقیا لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەودا، گیانیان لەدەست داوە.
ئەو سەرچاوانەی کە ئاگاداری راپۆرتەکەن لەو بارەیەوە، لە لێدوانیاندا بۆ ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس، ئاماژەیان بەوە کردووە چاوەڕێ دەکرێت سبەینێ کۆشکی سپی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە بڵاو بکاتەوە کە لەو هێرشانەی ئەمریکادا گیانیان لەدەست داوە لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، یەمەن، لیبیا و سۆماڵ. باسیان لەوەشکردووە ژمارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تا ئێستا لە ٥٠٠ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکاندا ١٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بەهەڵە گیانیان لەدەست داوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە بڕیارە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەدا سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە، ئۆباما فەرمانێکی سەرۆکایەتی بەمەبەستی پاراستنی زیاتری کەسانی سڤیل دەربکات.
سوپای ئەمریکا لە هەریەک لە ئەفغانستان، عێراق و سووریا هەزاران هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی رۆژنامەوانیی کە بارەگاکەی لە لەندەنە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە هەتا ئێستا لە هەریەک لە پاکستان، یەمەن و سۆماڵ کوژراون، لە نێوان ٤٩٢ تاوەکو هەزار و ١٠٠ کەسدایە.