Muhammet Ali Kemal
26 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە كۆشكی سپی باسی لە هەریەك لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا، رێككەوتنی ''وەستاندنی پێكدادانەكان'' و دوایین خاڵ لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا كرد.
ئۆباما جەختی لەوەكردەوە كە رێككەوتنی ''وەستاندنی پێكدادانەكان'' پێش هەموو شتێك بەندە لەسەر هەڵسوكەوتەكانی هەریەك لە رژێمی ئەسەد و رووسیا و گوتی: ''دەستوەردانی سەربازی رووسیا بووە هۆی ئەوەی رژێمی ئەسەد هێزی بێتەوە بەر و بارودۆخی كارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە بردە دۆخێكی خراپترەوە''.
باراك ئۆباما باسی لەوەكرد كە لە سووریا تەنها جەنگی ناوخۆ بوونی نییە، بەڵكو شەڕێكی مەزهەبی قووڵ و شەڕێكی بەوەكالەت كە جیاوازییە سیاسییەكان تێیدا رەنگیداوەتەوە بەڕێوەدەچێت و رایگەیاند ''لەدۆخێكی لەو شێوەیەدا، جێبەجێكردنی رێككەوتنی ''وەستاندنی پێكدادانەكان'' كارێكی ئاسان نابێت و ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە گومان زۆر بوونیان هەیە. بەڵام ئەگەر لە رێگەی دیبلۆماسییەوە هەوڵی چارەسەركردنی ئەم پێكدادانانە نەدەین، مێژوو رووبەڕووی بەرپرسیارێتیمان دەكاتەوە''.
- ''تەنها رێگەی لەناوبردنی داعش بریتییە لە كۆتاییهێنان بەو پشێوییەی لە سووریا هەیە''
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە تەنها رێگەی لەناوبردنی داعش بریتییە لە كۆتاییهێنان بەو پشێوییەی كە لەسووریا هەیە و ئەو رێككەوتنەی سەبارەت بە ''وەستاندنی پێكدادانەكان'' واژۆكراوە و نیوەشەوی هەینی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی كۆتاییهێنان بەو پشێوییەی هەیە.
ئۆباما باسی لەوەكرد كە لە باشترین حاڵەتدا ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناكەن دەستبەجێ توندوتیژی كۆتایی پێ بێت بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكەن هەموو لایەنەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدا كۆتایی بە هێرشەكانیان بهێنن بە هێرشە ئاسمانییەكانیشەوە و گوتی: ''جێبەجێبوونی ئەمە بەندە بە پابەندبوونی هەریەك لە رژێمی ئەسەد، رووسیا و هاوپەیمانەكانی دیكە بە رێككەوتنەكەوە''.
هەروەها رایگەیاند ''رۆژانی داهاتوو رۆژانی هەستیار دەبن و هەموو جیهان چاودێری ئەم پرۆسەیە لەنزیكەوە دەكات. ئەم رێككەوتنە تاقیكردنەوەیەكە بۆ نیشاندانی راستگۆیی لایەنەكانی دانوستان. پرۆسەی ڤیەننا روون و ئاشكرایە، ئەوەی كە دوای هەڵبژاردنێكی ئازاد، دەستوورێكی نوێ بنووسرێتەوە و حكوومەتێك دابمەزرێنرێت كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن''.
ئۆباما گوتیشی:''لە داهاتوویەكی لەو شێوەیەدا ناكرێت ئەسەد جێگەی ببێتەوە. ئەو سیاسەتەی كە ئەسەد بەرامبەر بە گەلەكەی خۆی پەیڕەوی كردووە و بریتی بووە لە سیاسەتی ئەشكەنجەدان، بۆمبی هێشوویی، گەمارۆدان و برسیكردن لەدوای جەنگێكی دڕندانەوە، چیتر ناكرێت ئەسەد جێگەی بكرێتەوە لە داهاتووی سووریادا. بەشێكی زۆر لە سوورییەكان تا ئەو كاتەی ئەسەد واز لەدەسەڵات دەهێنێت دژی دەجەنگن''.
- ''سەبارەت بە ئەسەد تا ئێستاش لەنێوان ئێمە، رووسیا و ئێراندا ناكۆكی هەیە''
باراك ئۆباما نەیشاردەوە كە تائێستاش ناكۆكی لەنێوان ئەمریكا لەلایەك و رووسیا و ئێران و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی ناوچەكە لەلایەكی دیكەدا سەبارەت بە ئەسەد بوونی هەیە و گوتی: ''رێككەوتنی وەستاندنی پێكدادانەكان، دیدگای لایەنەكان سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە سووریا، نیشان دەدات''.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لەحاڵەتی جێبەجێبوونی رێككەوتنەكەدا لە سووریا، ئاستی توندوتیژییەكان دادەبەزێت و دەتوانرێت هاوكاریی مرۆیی بگەیەنرێتە ئەو ناوچانەی كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە و گوتی:''ئەم رێككەوتنە خاوەنی ئەو توانایەیە كەدەرگا لەسەر دانوستانەكانی پرۆسەی راگوزەری سیاسیی بكاتەوە و كۆتایی بەجەنگی ناوخۆی سووریا بهێنێت''.
ئۆباما جەختی لەوەش كردەوە كە لەچاو چەند مانگێك لەمەوبەردا، دۆخەكە لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا زۆر باشترە و ئاماژەی بۆ رۆڵی هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، هۆڵەندا و كەنەدا كرد و باسی لەهەوڵەكانی توركیاش كرد سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان.
راشیگەیاند ''تا ئەمڕۆ لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا زیاتر لە 10 هەزار هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراوە و لەهاوینی رابردووەوە تا ئێستا داعش نەیتوانیوە هیچ بەرەوپێشچوونێكی ئەوتۆ تۆماربكات لە عێراق و سووریا''.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە كرد كە لەماوەی رابردوودا هێزە عێراقییەكان توانیویانە داعش لە رومادی وەدەربنێن و لەئێستادا ئەو رێكخراوە زیاتر لە لەسەدا 40ی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە كە سەردەمانێك لە عێراقدا بەدەستییەوە بوون.
- ''لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە قۆناغێكی نوێداین''
ئۆباما باسی لەوەش كرد كە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە قۆناغێكی نوێدان كە كۆنترۆڵكردنەوەی هەریەك لە ئەنبار و مووسڵ دەگرێتەوە و ئەمریكا پشتیوانیی پێویستی عێراق دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاوكاری دارایی پێشكەش بەو وڵاتە دەكات بەمەبەستی دووبارە بنیاتنەوەی دامەزراوەكان و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
سەبارەت بە سووریاش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە رۆژانی رابردوودا داعش لە تشرین و شەدادی تێكشكێنراوە و دەستكراوە بەوەی ئەو رێكخراوە بەرە و رەققە فشاریان لێبكرێت و ئەمە جگە لەوەی لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەئەنجامی بۆردوومانكردنی ئەو كێڵگە و تانكەرانەی نەوت كە هی داعش بوون، زیانی زۆر بەر دارایی رێكخراوەكە كەوتووە و داهاتەكانیان كەمی كردووە.
باراك ئۆباما سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆسەر داعش لە لیبیا قسەی كرد و پشتیوانی ئەمریكای بۆ لیبییەكان لەپرۆسی پێكهێنانی حكوومەتدا دووپاتكردەوە.
ئۆباما نەیشاردەوە كە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەجیهانی ئینتەرنێتدا، سەرگەرمی كاركردنی بەردەوامن لەگەڵ هەریەك لە دامەزراوەكانی فەیسبووك، تویتەر و یوتیوب و رایگەیاند ''بەرەنگاربوونەوەی داعش ئاسان نابێت بەڵام هەموو توانای ئاسایشی نیشتمانی خۆمان بەكاردەهێنین''.