Hemin Hüseyin
31 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2019
هەولێر - AA
دوای سەردانەکەی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، گوتەبێژی هەردوو لا لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم جەختی لەوەکردەوە کە ئەوان لە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان پاشگەزنابنەوە و چاودێری کارەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و سەردانەکەی بە سەردانێکی ئەرێنی و دووپاتکردنەوەی پتەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کورستان وەسفکرد.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند کە دەستی دۆستایەتی بۆ ھەموو لایەنەکان درێژ دەکەن و پەیوەندیشیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەھێزە.
مەحمود محەمەد سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی، ئەوەی ئاشکراکرد کە پێشتر بڕیاریان دابوو سەردانی ھەموو لایەنەکان بکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە کۆمەڵگەیەک دەژین، سەرەڕای ھەبوونی کۆمەڵێک جیاوازیی فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵام کۆمەڵگەکە پێویستی بە ھەبوونی ھەمووان ھەیە، جا چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزسیۆن بن. جەختیشی لەوەکردەوە کە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی ھەیە کە دەبێت بیانپارێزن.
مەحمود محەمەد گوتیشی: "پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکگرتوو تازە نییە، ئەگەر ھاوپەیمانیشمان نەبووبێت، پەیوەندیی دووقۆڵیمان ھەندێکجار لە ھاوپەیمانی بەھێزتر بووە و هیوادارین ئەو پتەوبوونی پەیوەندییە سوودی بۆ خەڵکی کورستان هەبێت".
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشدا، مەحمود محەمەد گوتی: "ئێمە لە جوگرافیایەک دەژین کە ھەموو جوگرافیاکە لە ھەڵچووندایە و ئەو گۆڕانکارییانەش کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان ھەیە، بۆیە ئێمە ھاتووین دەستی دۆستایەتیی خۆمان بۆ ھەموو لایەنەکان درێژ بکەین و پێکەوە بەرگەی ئەم قۆناغە بگرین کە پێشبینی دەکەین کۆمەڵێک رووداو لەپێش بن و نامانەوێت ببینە سووتەمەنی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، فازڵ میرانی سەردانی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد و لە لایەن ئەمینداری یەکگرتوو، سەڵاحەددین بەھائەددین و ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسییەوە پێشوازییان لێکرا.