Hüseyin Demirci
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
قەرس - AA
لەگەڵ گرتنەوەی ئاوو بەنداوی کاراکورت لە شارۆچکەی ساریکامش سەربە پارێزگای قەرس، گوندی کاراکورت ژێر ئاوکەوت و دیمەنی جوانی ئەو گوندە بووەتە جێی سەرنجی هاووڵاتییان.
بەنداوی کاراکورت کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن کاروباری ئاوی دەوڵەتی تورکیاوە دەست بە دروستکردنی کرا، دوای ئەوەی وێستگەی کارەباییەکەی تەواوکرا لە هەشتی شوباتەوە دەستکراوە بە گرتنەی ئاو تیایدا. بەو هۆیەشەوە گوندی کاراکورت کە دەکەوێتە ناو بەنداوەکە و چۆڵکراوە، بەشێکی زۆری ژێر ئاو کەوتووە.
دیمەنی گوندە ژێرئاو کەوتووەکە بووەتە جێی سەرنجی هاووڵاتییان و خەڵکی بۆ بینینی ئەو دیمەنە جوانە سەردانی دەکەن و تیایدا راوە ماسی دەکەن و سەیران رێکدەخەن.
شەنای وانلی کە یەکێکە لە هاووڵاتییانی ناوچەکە باسی لەوە کرد کە گوندی کاراکورت گوندێکی مێژووییە و رێگایەکی گرنگە.
شەنای وانلی باسی لەوە کرد کە زۆر کەس یادەوەریان لەو گوندەدا هەیە و گوتی: ''ئەو کەسانەی لە ئیدر، کاغزمان و قەرس-ەوە دەچوون بۆ ئەرزەڕۆم لێرەدا پشوویەکیان دەدا و نانیان دەخوارد. ئێستا لەگەڵ هەموو ئەو یادەوەریانەدا ئەم گوندە ژێرئاو کەوتووە. هاووڵاتییانیش کە بۆ سەیران و رەواماسی سەردانی ئەم شوێنە دەکەن سەیری دیمەنی جوانی گوندەکە دەکەن لەژێر ئاوەکەدا''.
دوای ئەوەی ئاوی بەنداوی کاراکورت گیرایەوە، رێگای قەرس-ئەرزەڕۆم لەنێوان شارۆچکەکانی ساریکامش-هۆراسان بەشێکی داخرا.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە قەرس-ەوە بەرەو ئەرزەڕۆم دەچن بە ناوەندی شارۆچکەی ساریکامش-دا تێدەپەڕن و لەڕێگای کۆنی ئەرزەڕۆمەوە بەرەو شارۆچکەی هۆراسان دەچن.