Abdullah Shukur
11 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جێمس ماتیس رایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ ھاوپەیمانانی بەردەوامە لە شڕۆڤەی ھەواڵگریی لەبارەی ھێرشە کیمیاییەکەی سەر شارۆچکەی دوما و بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەش بژاردەی سەربازیی ئامادەیە.
جێمس ماتیس لەگەڵ وەزیری بەرگری ھۆڵەندا، ئانک بیلەڤێلد لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) کۆبووەوە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جێمس ماتیس وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی ئەو ھێرشە کیمیاییەی کە کرایە سەر شارۆچکەی دومای سەر بە غوتەی رۆژھەڵات کە بە ھۆیەوە ٧٨ کەس کوژران گوتی: "ئێمە و ھاوپەیمانەکانمان بەردەوامین لە شڕۆڤەی ھەواڵگریی. کار لەسەر ئەمە دەکەین".
جێمس ماتیس لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەر فەرمان بکرێت، ئەوان ئامادەی ھێرشکردنن یان نا، گوتی: "سەرۆک لە قۆناغی بریاردان دایە، ئەگەر گونجاو بێت ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی بژاردەی سەربازیی".
لە ئەنجامی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە شارۆچکەی دوما سەر بە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات باشووری سووریا لە حەوتی نیسانی رابردوو، ٧٨ مەدەنی کوژران. لە بەرامبەردا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا رایگەیاند بوو، نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە ژمارەی قوربانیان و بەرپرسانی ئەو ھێرشە دیاری بکات.