Barış Seçkin
22 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2025
ڤاتیکان - AA
ڕێوڕەسمی پرسەی ڕێبەری ڕۆحانی کاسۆلیکەکان و سەرۆکی ڤاتیکان، پاپا فرانسیس کە دوێنێ بەیانی کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی ٢٦ی نیساندا لە ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت.
لەو بارەیەوە ڤاتیکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:"لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ (١١:٠٠ بەکاتی هەولێر) پرسەی پاپا فرانسیس لە یەکەم ڕۆژی ئەو نۆ ڕۆژە ماتەمینیەی ڕاگەیاندراوە کە دەکاتە ڕۆژی شەممە، ٢٦ی نیسان، لە حەوشەی بازلیکای سانت پیتەر بەڕێوەدەچێت. کاردیناڵ باتیستا ری کە ڕاگری ئەنجوومەنی کاردیناڵەکانە، سەرۆکایەتی ڕێوڕەسمە ئایینیەکەی پرسەکە دەکات".
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە تەرمی پاپا فرانسیس یەکەمجار دەبرێت بۆ بازلیکای سانت پیتەر، دواتر دەگواسترێتەوە بۆ بازیلیکای سانت ماری ماجیۆر لە ڕۆما و بەخاک دەسپێردرێت کە خۆی وەسییەتی کردووە لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
بڕیارە هەر لەسەر خواستی پاپا فرانسیس خۆی ڕێوڕەسمی پرسەکەی بە سادەیی بەڕێوەبچێت.
پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت سبەی تەرمی پاپا لە بازلیکای سانت پیتەر بەڕووی خەڵکیدا بکرێتەوە کە سەردانی دەکەن.