Fecri Barlık
13 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2022
سێرت – AA
ئەو وەستایانەی سێرت کە بە رێگای نەریتی بەتانی لە مەرەزی بزن دروست دەکەن، هەوڵ دەدەن پیشەکەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازنەوە.
١١ ساڵ لەمەوبەر ئەم جۆرە بەتانییە لەلایەن کۆمەڵەی داهێنەران و بە بڕانکردنی تورک ناوی تۆمار کرا کە وەستاکان بە دەست و بەبێ بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆجیاییەکان ئەم جۆرە بەتانییە دەچنن.
هاوشێوەی چەندین پیشەی دیکە ئێستا هەڕەشە لەسەر ئەو پیشەیەیش دروست بووە و لە کۆی ٣٠٠ ئامێری کلاسیکی دروستکردنی ئەم جۆرە بەتانییە، تەنها ٥٠ ئامێرێک لە شارەکە ماون و وەستاکان هەوڵ دەدەن پیشەکەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازنەوە و ئەم پیشەیە لەناو نەچێت.
هونەرمەندی کاری دەستی لە وەزارەتی کولتوور و گەشتیاری، وەحدوڵڵا ئیشچی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە منداڵییەوە ئەم پیشەیە لە باوکییەوە فێر بووە و ٥٤ ساڵە ئەمە پیشەیەتی و گوتی: "مەرەزی بزن زۆر باش و تەندروستە، ئەم جۆرە بەتانییە لانیکەم ٧٠ ساڵ خۆ دەگرێت. بەتەواوی بە دەست چندراوە. چەند بەکار بهێندرێت و بششۆرێت رەنگی تێک ناچێت، چونکە رەنگەکەی سروشتییە و هی مەرەزی بزنە. بۆ زستان زۆر گەرمە".
وەحدوڵڵا ئیشچی ئاماژەی بەوە دا کە نەخش و نیگار لەسەر بەتانییەکانیش دروست دەکەن و گوتی: "هەوڵ دەدەین ئەو پیشەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە. تاکوو ئێستا ٥-٦ شاگرد لە بەردەستم پێ گەیشتوون".
خاوەن "کارتی ناساندنی هونەریی"، فاراچ ئیتیل گوتی: "بۆ ناساندنی بەتانیی سێرت پێویستە کاری باشتر ئەنجام بدرێت و ئەم پیشەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە".
وەستا عەدنان ئەڤین کە لە بەشی رستن و چنینی سەربە ناوەندی کاری دەستی لە زانکۆی سێرت بەتانی دەچنێت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پیشەیەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و گوتی: "ماوەیەک منیش وازم لەو پیشەیە هێنا، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی من بۆ ئەم پیشەیە، جارێکی دیکە بۆی گەڕامەوە".
ئۆزگور هارمان کە ئەو پیشەیەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، گوتی: "٣٥ ساڵە ئەمە پیشەمە و تا دێت زیاتر شارەزایی لێ پەیدا دەکەم".
حوسێن تەکین نیگەرانی لەوە دەربڕی کە هەڕەشەی لەناوچوون لەسەر پیشەکەیان هەیە، گوتی: "ئەم پیشەیە لە شوێنی شایستەی خۆی نییە. بەتەواوی بەهۆی هێزی بازوو و ئارەقەی نێوچەوان ئەم جۆرە بەتانییە دروست دەکەین. پێویستە ئاوڕ لەو پیشەیە بدرێتەوە و بۆ نەوەی داهاتوو بگوازرێتەوە".
لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری پەروەردەی سێرت، دەنیز ئەدیب ئاماژەی بەوە دا کە دەستیان کردووە بە کردنەوەی خولی فێربوونی ئەو پیشانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە بە چنینی بەتانییشەوە.