Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
سلێمانی ـ AA
بەنداوی دوکان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە ئاستی ئاوی نێو بەنداوەکە و باران بارینی زۆری ئەمساڵ بەنداوەکەی گەیاندووەتە لێواری پڕبوون و چاودێری وردی دۆخی بەنداوەکەش دەکرێت لە ھەر مەترسی و رووداوێک.
لە ئێستادا بەنداوەکە لە لێواری پڕبووندایە و تەنھا چەند سانتیمێکی کەمی ماوە ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژ بکات.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکە، محەمەد تاھیر لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا ئاوی بەنداوەکە ٥١٠,٧٨ مەتر لە ئاست روی دەریاوە بەرزە ، بەھۆی زۆری باران بارینی ئەم ماوەیەوە لە چرکەیەکدا ھەزار و ٨٠٠ مەتر چوارگۆشە ئاو دەڕژێتە بەنداوەکەوە و رۆژانە ٣٥ تا ٤٠ سانتی مەتر ئاو بەرز دەبێتەوە و رۆژانەش ٢٦٨ مەتر سێجا ئاو بەردەدەینەوە".
ئەو گوتی: "دەریاچەکە لە ئێستادا ٦,٩ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە کە ئاستی ئاوی بەنداوەکە بۆ خۆی ٧ ملیار مەتر سێجایە، ئەوەش دووەمجارە لە مێژووی بەنداوەکەدا ئاستی ئاوەکەی ھێندە بەرز ببێتەوە".
بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەنداوەکە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی سەرڕێژ بوون و لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و تیمەکانیانەوە بە وردی چاودێری دەکریت.
لە بارەی مەترسییەکانی سەر بەنداوەکە و ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر ئەو زێیەوە، محەمەد تاھیر گوتی: "ئەو کەسانەی ھێڵی ژێر ئاو بەرکەوتوویان بەزاندووە زیانیان پێگەیشتووە و پێشتر ھۆشیارمان کردونەتەوە، تائێستاش ئێران ئاوی بەنداوەکانی خۆی بەرنەداوەتەوە و ئەگەر ئاویش بەربداتەوە ئەوکات ناچار دەبین رێژەیەکی زیاتری ئاو لە بەنداوەکەوە بەر بدەینەوە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر زێیەکەوە ئاگادار دەکەینەوە لەوەی دەبێت ناوچەکانیان چۆڵ بکەن".
لەلای خۆیەوە ئەندازیارێکی بەنداوەکە، رێڤان بورھان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەنداوەکە و دامەزراوەکانی و تونێلەکانی ھەموو سەلامەتە و کێشەی ھونەری و تەکنیکیان نییە، تەنھا کێشەیەک ئەگەر ھەبێت لە بەشی سەرەوەیە لە ناوچەی پشدەر کە ھەندێک زەوی و پڕۆژەی ماسی داپۆشیوە و زیانیان پێگەیشتووە و پێویستە ئەو کەسانەی لەو ناوچانەوە نزیکن دوور بکەونەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، لە حاڵەتی پڕ بوونی بەنداوەکە و سەرڕێژکردنی لە حاڵەتی یەک مەتردا ٢٠٠ مەتر چوار گۆشە فڕێدەداتە دەرەوە.
بەنداوی دوکان دەکەوێتە دووری ٧٠ کلم لە رۆژئاوای سلێمانی و گەورەترین بەنداوی ھەرێمی کوردستانە کە لە ساڵی ١٩٥٩ دروستکراوە.